زەبووری 95
 1 وەرن، هەلهەلە بۆ یەزدان لێبدەین، 
هاواری شادی بکەین بۆ تاشەبەردی ڕزگاریمان. 
 2 بە ستایشەوە بچینە بەردەمی، 
بە مۆسیقاوە هاواری شادی بۆ بکەین. 
 3 لەبەر ئەوەی یەزدان خودایەکی گەورەیە، 
پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە. 
 4 قووڵاییەکانی زەوی بە دەستە و 
لووتکەی شاخەکان هی ئەون. 
 5 دەریا هی ئەوە و ئەو دروستی کردووە، 
بە دەستی خۆی شێوەی وشکانیی پێکهێنا. 
 6 وەرن، کڕنۆشی بۆ ببەین و بیپەرستین، 
لەبەردەم یەزدانی دروستکەرمان چۆک دابدەین، 
 7 چونکە ئەو خودامانە و 
ئێمە گەلی لەوەڕگاکەی ئەوین، 
مەڕی دەستی ئەوین. 
ئەگەر ئەمڕۆ گوێتان لە فەرمایشتی یەزدان بێت کە دەفەرموێت: 
 8 «دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە مەریبا ڕوویدا، 
وەک ئەو ڕۆژە لە مەسا[~1~] لە بیابان، 
 9 لەوێ باوباپیرانتان تاقییان کردمەوە، 
هەرچەندە کردارەکانی منیان بینی، 
بەڵام هەر تاقییان کردمەوە. 
 10 چل ساڵ لەو نەوەیە تووڕە بووم، 
فەرمووم: ”ئەمانە گەلێکن دڵیان گومڕا بووە و 
ڕێگای منیان نەناسی.“ 
 11 بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد: 
”نایەنە ناو حەسانەوەی من.“»
<-  زەبوورەکان 94زەبوورەکان 96  ->
*زەبووری 95:8 ناوێکی عیبرییە بە واتای تاقیکردنەوە، شوێنێکە لە چۆڵەوانی سینا، هەروەها پێی دەگوترێت مەریبا. بڕوانە ڕوونکردنەوە دەربارەی مێرگی مەریبا لە زەبوورەکان 81:7. هەروەها بڕوانە دەرچوون 17:1-7.
 Languages
Languages