زەبووری 80
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەنی پەیمان. بۆ ئاساف، زەبوورێک. 
 1 ئەی شوانی ئیسرائیل، گوێ ڕادێرە، 
ئەی ڕابەری یوسف وەک مێگەل، 
ئەی ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتوویت[~1~]، بدرەوشێوە 
 2 لەبەردەم ئەفرایم و بنیامین و مەنەشە. 
پاڵەوانیێتی خۆت دەربخە، 
بۆ ڕزگاریی ئێمە وەرە. 
 3 ئەی خودایە، بمانگەڕێنەوە، 
ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە 
بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت. 
 4 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، 
هەتا کەی لەسەر نوێژی گەلەکەت تووڕە دەبیت؟ 
 5 تۆ نانی فرمێسکت دەرخوارد داون، 
فرمێسکت پڕ بە پێوانە پێ نۆشیون. 
 6 دەمانکەیتە مایەی ناکۆکی لەلای دراوسێکانمان، 
ناحەزانمان لەناو خۆیان پێمان پێدەکەنن. 
 7 ئەی خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە، 
ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە 
بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت. 
 8 دار مێوێکت لە میسرەوە گواستەوە، 
نەتەوەکانت وەدەرنا و چاندت. 
 9 خاکت بۆ ئامادە کرد، 
ڕەگ و ڕیشەیت داکوتا، زەوی پڕکرد. 
 10 سێبەرەکەی چیاکانی داپۆشی، 
چڵەکانی ئورزە گەورەکان. 
 11 لقی هەتا دەریا[~2~] هاویشت، 
پۆپکەکانی بۆ دەم ڕووبار[~3~]. 
 12 بۆچی شووراکانیت ڕووخاند 
تاکو هەر ڕێبوارێک لێی بکاتەوە؟ 
 13 بەرازی دارستان وێرانی دەکات، 
زیندەوەرەکانی کێڵگە لەسەری دەلەوەڕێن. 
 14 ئەی خودای سوپاسالار بمانگەڕێنەوە! 
لە ئاسمانەوە سەیر بکە و ببینە! 
ئەم دار مێوە بەسەربکەوە، 
 15 ئەو قەدەی دەستی ڕاستت چاندوویەتی، 
ئەو کوڕەی بۆ خۆت بەهێزت کردووە. 
 16 سووتاوە و بە ئاگر بڕاوەتەوە، 
بە سەرزەنشتی ڕووی تۆ گەلەکەت لەناودەچێت. 
 17 با دەستت لەسەر مرۆڤی دەستە ڕاستت بێت، 
لەسەر ئەو کوڕەی مرۆڤ بۆ خۆت بەهێزت کردووە. 
 18 ئینجا لێت هەڵناگەڕێینەوە، 
بمانژیێنەوە و بە ناوی تۆوە نزا دەکەین. 
 19 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە! 
ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە 
بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.
<-  زەبوورەکان 79زەبوورەکان 81  ->
*زەبووری 80:1 لە سەردەمی پەیمانی کۆن خودا لە شوێنی هەرەپیرۆزی پەرستگا ئامادە دەبوو، بە تایبەت سندوقی پەیمان و نێوان کەڕوبەکان وەک تەختی خودا بوون.
†زەبووری 80:11 دەریای سپی ناوەڕاست.
‡زەبووری 80:11 مەبەستی ڕووباری فوراتە.
 Languages
Languages