زەبووری 61
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئامێری ژێدار، زەبوورێکی داودە. 
 1 ئەی خودایە، گوێت لە هاوارم بێت، 
گوێ لە نوێژەکەم بگرە. 
 2 لەوپەڕی زەوییەوە هاوار بۆ تۆ دەکەم، 
کە دڵم لاواز دەبێت، 
پێشڕەویم بکە بۆ سەر تاشەبەردێکی لە خۆم بڵندتر، 
 3 چونکە تۆ پەناگای منی، 
قوللەیەکی بەهێزی لە ڕووی دوژمن. 
 4 با هەتاهەتایە لە پیرۆزگای تۆدا نیشتەجێ بم و 
پەنا بهێنمە ژێر سێبەری باڵەکانت.* لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە. 
 5 ئەی خودایە، چونکە تۆ گوێت لە نەزرەکانم گرت، 
منت کردە میراتگر لەگەڵ ئەوانەی ترسی ناوی تۆ لە دڵیانە. 
 6 درێژە بدە بە ڕۆژانی تەمەنی پاشا، 
بە ساڵانی تەمەنی بۆ نەوە دوای نەوە. 
 7 با هەتاهەتایە لە ئامادەبوونی خودا دابنیشێت، 
دڵسۆزی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ئەو بپارێزن. 
 8 ئەوسا هەتاهەتایە گۆرانی بۆ ناوی تۆ دەڵێم، 
ڕۆژ بە ڕۆژیش نەزرەکانم بەجێدەهێنم.
<-  زەبوورەکان 60زەبوورەکان 62  ->
*زەبووری 61:4 لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.
 Languages
Languages