زەبووری 53
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ساز، هۆنراوەیەکی داود. 
 1 گێل لە دڵی خۆیدا دەڵێت: 
«خودا نییە.» 
ئەوانە گەندەڵن و خراپەکانیان پیسە، 
کەس نییە چاکە بکات. 
 2 خودا لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات، 
تاکو بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت، 
کەس هەیە ڕوو لە خودا بکات. 
 3 هەموو هەڵگەڕانەوە، 
هەموو گەندەڵ بوون، 
کەس نییە چاکە بکات، 
تەنانەت یەکێکیش نییە. 
 4 ئایا گوناهباران فێر نەبن؟ 
ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و 
ئەوانەی لە خودا ناپاڕێنەوە. 
 5 لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت، 
کە هیچ ترسی لێ نەبوو. 
خودا ئێسقانی ئەوانە پەرشوبڵاو دەکاتەوە کە گەمارۆیان داویت، 
ڕیسوایان دەکەیت، چونکە خودا ڕەتی کردنەوە. 
 6 با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە دەربکەوێت! 
کاتێک خودا گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە، 
 Languages
Languages