زەبووری 52
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی داودە. کاتێک دۆئێگی[~1~] ئەدۆمی چوو بۆ لای شاول و پێی گوت کە داود چووە بۆ ماڵی ئەحیمەلەخ. 
 1 ئەی پاڵەوان، بۆچی شانازی بە خراپەوە دەکەیت؟ 
ئەی شەرمەزار لەبەرچاوی خودا، 
بۆچی بە درێژایی ڕۆژ شانازی دەکەیت؟ 
 2 زمانت پیلانی کاولکاری دادەڕێژێت، 
وەک گوێزانێکی تیژ وایە، 
خەریکی فێڵبازییە. 
 3 زیاتر حەزت لە خراپەیە نەک لە چاکە، 
لە درۆ نەک لە ڕاستگۆیی.† لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 5، وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە. 
 4 حەزت لە هەموو وشەیەکی زیانبەخشە، 
ئەی زمانی فێڵباز! 
 5 بێگومان خودا هەتاهەتایە وێرانت دەکات، 
دەتڕفێنێت و لە ماڵەکەت دەرتدەهێنێت، 
ڕیشەکێشت دەکات لە خاکی زیندووان. 
 6 ڕاستودروستان ئەمە دەبینن و دەترسن، 
پێی پێدەکەنن و دەڵێن: 
 7 «ئا ئەوەتا ئەو کەسەی کە خودا ناکاتە پەناگای خۆی، 
بەڵکو پشتی بە زۆری سامانەکەی بەستبوو، 
لە تێکدانی خەڵکی دیکە بەهێز بوو!» 
 8 بەڵام من لە ماڵی خودا وەک دار زەیتوونێکی سەوزم، 
هەتاهەتایە پشت بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودا دەبەستم. 
 9 هەتاهەتایە لەبەردەم خۆشەویستانت ستایشت دەکەم بۆ کردەوەکانت، 
ئومێدم بە ناوی تۆیە، چونکە چاکە.
<-  زەبوورەکان 51زەبوورەکان 53  ->
*^ سەرۆک شوانەکانی شاول بوو، کاتێک داود لە ڕووی شاول هەڵات بۆ نوب بۆ لای ئەحیمەلەخ کە سەرۆک کاهین بوو، جا ئەحیمەلەخ نانی قوربانی دا بە داود و ئەوانەی لەگەڵی بوون. لەو کاتەدا دۆئێگ لە نوب بوو و هەواڵی برد بۆ شاول. ئینجا شاول ئەحیمەلەخ و کاهینەکانی گرت و فەرمانی دا بە پاسەوانەکان بیانکوژن، بەڵام ئەوان ڕەتیانکردەوە. جا فەرمانی دا بە دۆئێگ، ئەویش هەشتا و پێنج کاهینی کوشت.
†زەبووری 52:3 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 5، وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.
 Languages
Languages