زەبووری 46
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ کوڕانی قۆرەح. گۆرانییەک بە شێوەی عەلامۆت[~1~]. 
 1 خودا پەناگا و هێزمانە، 
لە تەنگانەدا بەهاناوە دێت. 
 2 بۆیە ترسمان نییە ئەگەر زەویش بلەرزێت، 
ئەگەر چیاکانیش بکەونە ناو قووڵایی دەریاکانەوە، 
 3 ئەگەر ئاوەکەشی بجۆشێت و کەف بکات، 
چیاکانیش لە سەرکێشی ئەو بلەرزن.† لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتەکانی 7 و 11، وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە. 
 4 ڕووبارێک هەیە جۆگەکانی شاری خودا[~3~] شاد دەکات، 
ئەو شوێنە پیرۆزەی کە هەرەبەرز تێیدا نیشتەجێیە. 
 5 خودا لەناوەڕاستدایە، بۆیە هەرگیز ناکەوێت، 
لەگەڵ بەرەبەیاندا خودا بەهاناوە دێت. 
 6 نەتەوەکان هەڵدەچن و شانشینەکان دەکەون، 
خودا دەنگی بەرز دەکاتەوە و زەوی دەتوێتەوە. 
 7 یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە، 
خودای یاقوب پەناگامانە. 
 8 وەرن سەیری کردارەکانی یەزدان بکەن، 
ئەو وێرانکارییەکانی بەسەر زەویدا هێناوە. 
 9 جەنگەکان ڕادەگرێت هەتا ئەوپەڕی جیهان، 
کەوانەکان دەشکێنێت و ڕمەکان پارچەپارچە دەکات، 
گالیسکەکان بە ئاگر دەسووتێنێت. 
 10 «هێوربنەوە، بزانن کە من خودام، 
لەنێو نەتەوەکان پایەم بەرز دەبێتەوە، 
لەسەر زەوی بەرز دەبمەوە.»[~4~] 
 11 یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە، 
خودای یاقوب پەناگامانە.
<-  زەبوورەکان 45زەبوورەکان 47  ->
*^ جۆرە ئاوازێکە، واتە بە دەنگی کچان.
†زەبووری 46:3 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتەکانی 7 و 11، وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.
‡زەبووری 46:4 ئۆرشەلیم، بڕوانە ئاشکراکردن 21، حزقیێل 40.
§زەبووری 46:10 خودا بۆ نەتەوەکان قسە دەکات.
 Languages
Languages