کۆکراوەی بەشی دووەم 
 42
زەبوورەکانی 42–72 
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح 
 1 چۆن ئاسک بە پەرۆشە بۆ ئاوی ڕووبار، 
ئەی خودایە، گیانی منیش بە پەرۆشە بۆ تۆ. 
 2 گیانم تینووی خودایە، خودای زیندوو. 
کەی دێم و بە دیداری خودا شاد دەبم[~1~]؟ 
 3 بە شەو و ڕۆژ فرمێسکەکانم بوون بە خۆراکم، 
لە کاتێکدا بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟» 
 4 هەناوم دەتوێتەوە ئەو کاتەی دێتەوە یادم: 
چۆن لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا دەڕۆیشتین، 
بەرەو ماڵی خودا پێشڕەویانم دەکرد، 
بە هەلهەلە و ستایشکردنەوە لەناو کۆمەڵی جەژنگێڕان. 
 5 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟ 
بۆ لە ناخمدا پەرێشانیت؟ 
ئومێدت بە خودا هەبێت، 
چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم، 
ئەو ڕزگارکەر و خودامە. 
 6 گیانم خەمبارە لە ناخم، 
بۆیە یادت دەکەمەوە 
لە لای ڕووباری ئوردون، 
لە بەرزاییەکانی حەرمۆنەوە[~2~]، لە کێوی میچعارەوە. 
 7 قووڵایی بانگی قووڵایی دەکات، 
بە دەم خوڕەی تاڤگەکانتەوە، 
هەموو شەپۆلەکانت و تەوژمەکانت بەسەرمدا کەوتوون. 
 8 بە ڕۆژ یەزدان خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی ئاراستە دەکات، 
بە شەویش سروودی ئەو لەسەر لێومە، 
نوێژێکە بۆ خودای ژیانم. 
 9 خودا، کە تاشەبەردی منە، پێی دەڵێم: 
«بۆچی لە یادت کردووم؟ 
بۆچی دەبێت بناڵێنم، 
بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟» 
 10 بە تێکشکانی ئێسقانەکانم 
ناحەزانم توانجم تێدەگرن، 
بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟» 
 11 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟ 
بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟ 
ئومێدت بە خودا هەبێت، 
چونکە من هەر ستایشی ئەو دەکەم، 
ئەو ڕزگارکەر و خودامە.
<-  زەبوورەکان 41زەبوورەکان 43  ->
*زەبووری 42:2 لە ئەمادەگی خودا لە پەرستگا دەبم.
†زەبووری 42:6 بەرزترین شاخە لە سوریا، نزیکە 75 کم لە باکووری دەریاچەی جەلیل بووە.
 Languages
Languages