زەبووری 32
هۆنراوەیەکی داود. 
 1 خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لە یاخیبوونەکانی بەخشراوە، 
گوناهەکانی داپۆشراوە. 
 2 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی 
کە یەزدان تاوانی لەسەر ناژمێرێت و 
لە ڕۆحەکەی بێ فێڵە. 
 3 کاتێک دانم بە گوناهەکانمدا نەنا، 
ئێسقانەکانم پووکانەوە، 
لە ناڵینم بە درێژایی ڕۆژ. 
 4 لەبەر ئەوەی بە شەو و بە ڕۆژ، 
دەستت بەسەر سەرمەوە قورس بوو، 
تەڕێتیم گۆڕا بۆ وشکی هاوین.* لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتەکانی 5 و 7، وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە. 
 5 ئینجا لەلای تۆدا داندەنێم بە گوناهم و 
تاوانم ناشارمەوە. 
گوتم: «لەلای یەزدان داندەنێم بە یاخیبوونم.» 
تۆش لە تاوانی گوناهم خۆشبوویت. 
 6 بۆیە با هەموو خواناسێک لێت بپاڕێتەوە 
لە کاتی خۆی بتدۆزێتەوە، 
بێگومان کە لافاو هەستا، نایگاتێ. 
 7 تۆ پەناگای منیت، 
لە تەنگانە دەمپارێزی و 
بە سروودی دەربازبوون دەورم دەدەیت. 
 8 خودا دەفەرموێت: «من فێرت دەکەم و ڕێنماییت دەکەم بۆ ئەو ڕێگایەی کە دەبێت پێیدا بڕۆیت، 
ئامۆژگاریت دەکەم و چاودێریت دەکەم. 
 9 وەک ئەسپ و هێستر مەبە کە هیچ تێناگەن، 
بەڵکو دەبێت لغاوی لە دەم بکرێت و جڵەوی ڕابکێشرێت، 
بۆ ئەوەی لێت نزیک ببێتەوە. 
 10 بەدکارەکان ئازاریان زۆرە، 
بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت، 
خۆشەویستی نەگۆڕ دەوری دەدات.» 
 11 ئەی سەرڕاستەکان، شاد بن بە یەزدان و دڵخۆش بن، 
ئەی هەموو دڵڕاستەکان، گۆرانی بڵێن!
<-  زەبوورەکان 31زەبوورەکان 33  ->
*زەبووری 32:4 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتەکانی 5 و 7، وشەی سەلاە هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.
 Languages
Languages