زەبووری 29
زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە». 
 1 ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن، 
ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان. 
 2 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن، 
کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن، چونکە شکۆدار و پیرۆزە. 
 3 دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە، 
خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات، 
یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات. 
 4 دەنگی یەزدان بە هێزە، 
دەنگی یەزدان بە شکۆیە. 
 5 دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت، 
یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت، 
 6 وا دەکات لوبنان[~1~] وەک گوێرەکە ڕابکات و 
حەرمۆنیش[~2~] وەک جوانەگای کێوی. 
 7 دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات 
بە بروسکە و تریسکەوە. 
 8 دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت 
یەزدان بیابانی قادێش[~3~] دەلەرزێنێت. 
 9 دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و 
دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە. 
لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!» 
 10 یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت، 
یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت. 
 11 یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت، 
یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.
<-  زەبوورەکان 28زەبوورەکان 30  ->
*زەبووری 29:6 مەبەستی لە چیای لوبنانە.
†زەبووری 29:6 هەروەها سریۆنیشی پێ دەگوترێ، بەرزترین شاخە لە سوریا.
‡زەبووری 29:8 دەکەوێتە دووری 80 کم لە باکووری بیری شابەع، گەلی ئیسرائیل لەدوای هاتنەدەرەوەیان لە میسر ماوەیەک لەوێ ماونەتەوە.
 Languages
Languages