زەبووری 122
گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود. 
 1 شادمان بووم بەوانەی پێیان گوتم، 
«با بچینە ماڵی یەزدان.» 
 2 ئەی ئۆرشەلیم، پێیەکانمان 
لە دەروازەکانت ڕادەوەستن. 
 3 ئۆرشەلیم بنیاد نراوە، 
وەک شارێکی یەکگرتوو. 
 4 لەوێ کە خێڵەکان سەردەکەون، 
هۆزەکانی یەزدان، 
بۆ ئەوەی ستایشی ناوی یەزدان بکەن 
بەگوێرەی ئەو یاسایەی کە بۆ ئیسرائیل دانراوە. 
 5 لەبەر ئەوەی تەختەکان بۆ دادوەری لەوێ دادەنرێت، 
تەختەکانی بنەماڵەی داود. 
 6 داوای ئاشتی بکەن بۆ ئۆرشەلیم: 
«با ئەوانەی تۆیان خۆشدەوێت ئاسوودە بن. 
 7 با ئاشتی لە شووراکانت بێت، 
ئاسایش لە قەڵاکانت.» 
 8 لە پێناوی برا و هاوڕێیەکانم 
داوای ئاشتیت بۆ دەکەم. 
 9 لە پێناوی ماڵی یەزدانی پەروەردگارمان، 
 Languages
Languages