1 عیسا ئەوێی بەجێهێشت و گەڕایەوە شارەکەی خۆی، قوتابییەکانیشی دوای کەوتن. 2 کە بووە شەممە، لە کەنیشتدا دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک، زۆر لەوانەی گوێیان لێی گرتبوو سەرسام بوون.
4 بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، لە شاری خۆی و لەنێوان خزم و کەسوکار و ماڵی خۆی نەبێت.» 5 ئیتر لەوێدا نەیتوانی هیچ پەرجووێک بکات، تەنها چەند نەخۆشێک نەبێت کە دەستی لەسەر دانان و چاکیکردنەوە. 6 لە بێباوەڕیی ئەوان سەری سوڕما.
8 ڕایسپاردن کە بۆ ڕێگا هیچ نەبەن جگە لە گۆچانێک، نە نان و نە توورەکە و نە پارە بۆ بەر پشتێن، 9 پێڵاو لە پێ بکەن بەڵام کراسی زیادە لەبەر مەکەن. 10 پێی فەرموون: «لە هەر شوێنێک چوونە ماڵێک، لەوێ بمێننەوە هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن. 11 ئەگەر لە هەر شوێنێکیش پێشوازییان لێ نەکردن و گوێیان لێ نەگرتن، لەوێ بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن، بۆ شایەتی لەسەریان.»
12 ئەوانیش چوونە دەرەوە و جاڕی تۆبەکردنیان دا. 13 ڕۆحی پیسی زۆریان دەرکرد و زۆر نەخۆشیان بە ڕۆن چەورکرد و چاکیان کردنەوە.
14 هێرۆدسی پاشا لەم بارەیەوە بیستی، چونکە ناوی عیسا دەنگیدابووەوە و دەیانگوت: «یەحیای لەئاوهەڵکێش لەناو مردووان هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت.»
15 خەڵکی دیکە دەیانگوت: «ئەلیاسە.»
16 بەڵام هێرۆدس کاتێک بیستی، گوتی: «یەحیایە، ئەوەی سەرم بڕی، ئەوە هەستاوەتەوە!»
17 هێرۆدس لەبەر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، ئەوەی کە خۆی خواستبووی، ناردبووی و یەحیای گرتبوو، پەلبەستی کردبوو و خستبوویە زیندانەوە، 18 لەبەر ئەوەی یەحیا بە هێرۆدسی دەگوت: «دروست نییە براژنەکەت بخوازیت.» 19 ئیتر هیرۆدیا زۆر ڕقی لێی دەبووەوە و حەزی دەکرد بیکوژێت، بەڵام نەیدەتوانی، 20 چونکە هێرۆدس لە یەحیا دەترسا، دەیزانی پیاوێکی ڕاستودروست و پیرۆزە، دەیپاراست. کاتێک گوێی لێ دەگرت زۆر دەشێوا، حەزیشی دەکرد گوێی لێ بگرێت.
21 لە کۆتاییدا دەرفەتێک ڕێککەوت. هێرۆدس لە جەژنی لەدایکبوونیدا خوانێکی بۆ گەورە پیاوان و فەرماندەکانی و پیاو ماقوڵانی جەلیل سازکرد. 22 کچی هیرۆدیا هاتە ژوورەوە و سەمای کرد. جا هێرۆدس و ئەوانەی دڵخۆش کرد کە لەگەڵی پاڵیاندابووەوە.
24 ئەویش چووە دەرەوە و بە دایکی گوت: «داوای چی بکەم؟»
25 دەستبەجێ و بە پەلە هاتە ژوورەوە بۆ لای پاشا، داوای کرد و گوتی: «دەمەوێت ئێستا سەری یەحیای لەئاوهەڵکێشم لەسەر سینییەک بدەیتێ.»
26 پاشا زۆر دڵگران بوو. بەڵام لەبەر سوێندەکەی و ئەوانەی لەگەڵی لەسەر خوان بوون، نەیویست ڕەتی بکاتەوە. 27 پاشا یەکسەر جەلادی نارد و فەرمانی دا سەری بهێنێت. ئەویش چوو و لە زیندان سەری پەڕاند، 28 لەسەر سینییەک سەری ئەوی هێنا و دایە کچەکە، کچەش دای بە دایکی. 29 قوتابییەکانی یەحیا بیستیان، هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و لە گۆڕێکدا ناشتیان.
30 نێردراوان لە عیسا کۆبوونەوە و هەموو ئەو کارە و فێرکردنانەیان بۆ گێڕایەوە کە کردبوویان. 31 ئەویش پێی فەرموون: «هەر خۆتان وەرنە شوێنێکی چۆڵ کەمێک پشوو بدەن.» لەبەر ئەوەی ئەوانەی دەهاتن و دەچوون زۆر بوون، دەرفەتی نان خواردنیان نەبوو.
32 ئیتر هەر خۆیان بە بەلەم چوونە شوێنێکی چۆڵ. 33 بەڵام خەڵکێکی زۆر ئەوانیان لە کاتی ڕۆیشتندا بینی و ناسیاننەوە، لە هەموو شارەکانەوە پێکەوە بە پێ بەرەو ئەوێ ڕایاندەکرد و پێشیان کەوتن. 34 کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، خەڵکێکی بێشوماری بینی و دڵی پێیان سووتا، چونکە وەک مەڕی بێ شوان وابوون، هەر بۆیە دەستی کرد بە فێرکردنیان بە زۆر شت.
35 کاتێک درەنگ داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە و ئێستا کاتیش درەنگە. 36 بەڕێیان بکە، تاکو بچنە ئەم کێڵگە و گوندانەی دەوروبەر خواردن بۆ خۆیان بکڕن.»
37 بەڵام وەڵامی دانەوە: «ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.»
38 ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن بزانن چەند نانتان هەیە.»
39 ئینجا فەرمانی پێدان خەڵکەکە کۆمەڵ کۆمەڵ لەسەر سەوزە گیا دابنیشێنن. 40 بە کۆمەڵ دانیشتن، سەد سەد و پەنجا پەنجا. 41 ئینجا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی کرد و نانەکانی لەتکرد و دایە قوتابییەکانی تاکو لەبەردەمیان دایبنێن، دوو ماسییەکەشی بەسەر هەموویان دابەش کرد. 42 هەموو خواردیان و تێر بوون. 43 پاشان دوازدە سەبەتەی پڕ لە پەلکەنان و ماسییان هەڵگرتەوە. 44 ئەوانەی لە نانەکەیان خوارد پێنج هەزار پیاو بوون.
45 دەستبەجێ عیسا قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێشی بکەون بۆ ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ شارۆچکەی بێتسەیدا، هەتا خۆی خەڵکەکە بەڕێ دەکات. 46 دوای بەڕێکردنیان، بۆ نوێژکردن چووە سەر شاخ.
47 کە ئێوارە داهات، بەلەمەکە لەناوەڕاستی دەریاچەکە بوو، عیساش بە تەنها لەسەر وشکانی بوو. 48 کە بینی قوتابییەکانی بەهۆی سەوڵ لێدانەوە ماندوو بوون، چونکە ئاراستەی ڕەشەباکە پێچەوانە بوو، لە بەرەبەیان هاتە لایان، بەسەر دەریاچەکەدا ڕۆیشت و ویستی لێیان تێبپەڕێت. 49 بەڵام کاتێک بینییان بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، وایانزانی دێوەزمەیە، جا هاواریان کرد، 50 چونکە هەموو بینییان و پەشۆکان.
53 کاتێک عیسا و قوتابییەکانی پەڕینەوە ئەوبەر، هاتنە خاکی جەنیسارەت و لەنگەریان گرت. 54 کاتێک لە بەلەمەکە دابەزین، خەڵک عیسایان ناسییەوە. 55 بە پەلە ڕۆیشتن و دەستیان کرد بە هێنانی نەخۆشەکانیان بەسەر نوێنەکانیانەوە بۆ هەر شوێنێک کە دەیانبیست عیسای لێیە. 56 بۆ هەر شوێنێک دەچوون، گوند، شار، کێڵگە، خەڵک نەخۆشەکانیان لە بازاڕ دادەنا و لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێی دەدا چاکدەبوونەوە.
<- مەرقۆس 5مەرقۆس 7 ->