26
قسەی نۆیەمی ئەیوب
1 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
 2 «چۆن یارمەتی ئەوەت دا کە هێزی نییە! 
چۆن بازووی بێ توانات گرت و ڕزگار کرد! 
 3 چۆن ڕاوێژت کرد بۆ ئەوەی دانایی نییە! 
چۆن زانینی زۆرت دەرخست! 
 4 بە یارمەتی کێ وتەکانت ڕاگەیاند و 
ڕۆحی کێ لە زارتەوە قسەی کرد؟ 
 5 «تارماییەکان لە جیهانی مردوواندا 
لە سامناکی خودا دەلەرزن. 
 6 جیهانی مردووان لەبەردەم خودا ئاشکرایە، 
شوێنی لەناوچوون* لەناوچوون: عیبری: ئەبەدۆن. لە پەیمانی نوێ، ئەم وشەیە بە واتای (لەناوبەر) هاتووە، بڕوانە ئاشکراکردن 11:9. شاردراوە نییە. 
 7 ئاسمانی باکوور بەسەر بۆشاییدا لێک دەکێشێت و 
زەوی لەسەر هیچ هەڵدەواسێت. 
 8 ئاو لەناو هەورەکانی دەپێچێتەوە و 
هەور لەژێری نادڕێت. 
 9 ڕووی مانگی چواردە شەوە دەشارێتەوە، 
هەوری خۆی بەسەردا بڵاو دەکاتەوە. 
 10 ئاسۆی لەسەر ڕووی ئاوەکان کێشاوە 
وەک سنوور لەنێوان ڕووناکی و تاریکی. 
 11 کۆڵەکەکانی ئاسمان دەلەرزن و 
لە سەرزەنشتکردنەکەی دەتۆقن. 
 12 بە هێزی خۆی دەریا دەهەژێنێت و 
بە تێگەیشتنی خۆی زەبر لە ڕەهەڤ[b] دەوەشێنێت. 
 13 بە هەناسەی ئەو ئاسمان ساماڵە و 
دەستی ئەو مارە هەڵاتووەکەی پێکا. 
 14 بێگومان ئەمانە شتە دەرەکییەکانی کارەکانی ئەون. 
هەواڵەکانی بە چرپە دێنە بەر گوێمان! 
 Languages
Languages