1 کە عەزرا نوێژی دەکرد و دانی پێدا دەنا و بە گریانەوە لەبەردەم ماڵی خودا کەوتبوو، کۆمەڵێکی ئێجگار زۆر لە ئیسرائیل، لە پیاو و ئافرەت و منداڵ لێی کۆبوونەوە، چونکە گەل گریانێکی بەکوڵ دەگریان. 2 ئینجا شەخەنەیای کوڕی یەحیێل لە نەوەی ئیلام وەڵامی دایەوە و بە عەزرای گوت: «ئێمە ناپاکیمان لەگەڵ خودامان کرد، ژنی بێگانەمان لە گەلانی خاکەکەوە هێنا. بەڵام لەمەودوا ئیسرائیل هیوای هەیە: 3 با ئێستا پەیمانێک لەگەڵ خوداماندا ببەستین، کە هەموو ژنەکان و ئەوانەی لەوان لەدایک بوونە دەریانبکەین، بەپێی ڕاوێژی گەورەم و ئەوانەی لە فەرمانەکانی خودامان دەترسن، با بەپێی تەورات کار بکرێت. 4 هەستە! ئەم کارە لەسەر تۆیە و ئێمەش لەگەڵتداین. ئازابە و دەستبەکاربە!»
5 ئیتر عەزرا هەستا و کاهینە باڵاکان و لێڤی و هەموو ئیسرائیلی سوێند دا کە کار بەم پێشنیارە بکەن، ئەوانیش سوێندیان خوارد. 6 پاشان عەزرا لەبەردەم ماڵی خودا هەستا و چووە ژوورەکەی یەهۆحانانی کوڕی ئەلیاشیڤ. بەرەو ئەوێ چوو، بێ ئەوەی نان بخوات و ئاو بخواتەوە، چونکە بەهۆی ناپاکی ڕاپێچکراوەکانەوە شینی دەگێڕا.
7 ئینجا لە یەهودا و ئۆرشەلیم بانگەوازیان کرد بۆ هەموو ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە تاوەکو لە ئۆرشەلیم کۆببنەوە، 8 بەپێی ڕاوێژی کاربەدەستەکان و پیران، هەرکەسێک لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئامادە نەبێت، دەست بەسەر ماڵەکەیدا دەگیرێت و خۆشی لە کۆمەڵی ڕاپێچکراوەکان جیا دەکرێتەوە.
9 لە ماوەی سێ ڕۆژەکە هەموو پیاوانی یەهودا و بنیامین لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە، واتە لە بیستی مانگی نۆ، لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە و هەموو گەل بە ترسەوە لەناو گۆڕەپانەکەی ماڵی خودا دانیشتن، لەبەر بابەتەکە و لەبەر بارانەکە. 10 ئینجا عەزرای کاهین هەستا و پێی گوتن: «ئێوە ناپاکیتان کرد، ژنی بێگانەتان هێنا بۆ ئەوەی تاوانی زیاتر بخەنە سەر خراپەی ئیسرائیل. 11 ئێستا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان دانی پێدا بنێن و ئەوە بکەن کە پێی خۆشە، خۆتان لە گەلانی خاکەکە و لە ژنە بێگانەکان داببڕن.»
12 هەموو کۆمەڵەکە بە دەنگێکی بەرز وەڵامیان دایەوە: «چۆنت پێ گوتین، ئاوا دەکەین. 13 بەڵام گەلەکە زۆرن و کاتەکەش کاتی بارانە و توانای ئەوەمان نییە لە دەرەوە ڕابوەستین، کارەکەش کاری یەک دوو ڕۆژ نییە، چونکە لەم بارەیەوە یاخیبوونی زۆرمان کردووە. 14 تکایە با کاربەدەستەکانمان لە جێی هەموو کۆمەڵەکە ڕاوەستن و هەموو ئەوانەی لە شارۆچکەکانمان ژنی بێگانەیان هێناوە، با لە کاتی دیاریکراودا لەگەڵ پیران و دادوەرانی شارەکەی خۆیان بێن، هەر شارە و بە تەنها، هەتا گڕی تووڕەیی خودامان کە بەهۆی ئەم کارەوەیە لێمان دامرکێتەوە.» 15 تەنها یۆناتانی کوڕی عەساهێل و یەحزەیای کوڕی تیقڤا لە دژی ئەمە ڕاوەستان، مەشولام و شەبەتەی کە هەردووکیان لێڤی بوون پشتگیرییان کردن.
16 ئینجا ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە ئاوایان کرد، عەزرای کاهین و ئەو پیاوانەی گەورەی بنەماڵەکان بوون جیا بوونەوە، بەپێی بنەماڵەکانیان و هەموویان بە ناوی خۆیان، لە یەکەم ڕۆژی مانگی دە بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دانیشتن. 17 لە یەکەم ڕۆژی مانگی یەک لە بابەتی هەموو ئەو پیاوانە بوونەوە کە ژنی بێگانەیان هێنابوو.