5 ئەگەر پیاوێک ژنی هێنا ئەوا هەتا ساڵێک بۆ سەربازی ناچێت و هیچ لێپرسراویەتییەکی لەسەر شان نابێت، ئەو ساڵە لە ماڵەکەی ئازاد دەبێت و ژنەکەی دڵخۆش دەکات.
6 نابێت کەس دەستاڕ، تەنانەت بەرداشێکی بکاتە بارمتە، چونکە سەرچاوەی بژێوییە.
7 ئەگەر پیاوێک لە کاتی ڕفاندنی یەکێک لە براکانی لە نەوەی ئیسرائیل بگیردرێت و وەک کۆیلە هەڵسوکەوتی لەگەڵ کرد یان فرۆشتی، ئەوا کابرای ڕفێنەر دەبێت بمرێت، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.
8 لە کاتی نەخۆشی گولی[a] زۆر ئاگاداربن و بەگوێرەی هەموو ئەوەی کاهینە لێڤییەکان فێرتان دەکەن ئاوا بکەن، ئەوەی من فەرمانم بەوان کردووە ئێوە بیکەن. 9 لە یادتان بێت یەزدانی پەروەردگارتان لە ڕێگا چی بە مریەم کرد، پاش ئەوەی لە میسر هاتنە دەرەوە.
10 ئەگەر قەرزت بە دراوسێکەت دا، مەچۆ ماڵەکەی هەتا شتێکی ماڵەکەی بکەیتە بارمتە[b]، 11 لە دەرەوە دەوەستیت و ئەو پیاوەی قەرزی پێدەدەیت بارمتەکەت بۆ دەهێنێتە دەرەوە. 12 ئەگەر کابرا هەژار بوو با بارمتەکە بۆ شەو لەلات نەمێنێتەوە، 13 لەگەڵ ئاوابوونی خۆر بارمتەکەی بۆ بگەڕێنەوە هەتا لەناو جلوبەرگەکەی بنووێت و داوای بەرەکەتت بۆ بکات و بۆت ببێتە کارێکی ڕاست لەلای یەزدانی پەروەردگارت.
14 زوڵم لە کرێگرتەیەکی هەژار و نەدار مەکە، کە لە براکانت بێت یان لەو نامۆیانەی لە یەکێک لە شارۆچکەکانی خاکەکەتن. 15 لە ڕۆژی خۆی کرێیەکەی دەدەیتێ، پێش ئاوابوونی خۆر، چونکە هەژارە و بۆ ئەمە خۆی هەڵگرتووە، نەوەک لەسەر تۆ هاوار بۆ یەزدان بکات، جا دەبێت بە گوناه بەسەرتەوە.
16 باوک لە جیاتی کوڕ ناکوژرێت و کوڕ لە جیاتی باوک ناکوژرێت، هەر یەکێک لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت.
17 نامۆ و هەتیو لە دادپەروەری بێبەش مەکە، جلوبەرگی بێوەژن مەکە بارمتە، 18 لە یادت نەچێت کە تۆش لە میسر کۆیلە بوویت و یەزدانی پەروەردگارت لەوێ تۆی کڕییەوە، بۆیە من فەرمانت پێدەدەم ئەم کارە بکەیت.
19 کاتێک لە کێڵگەکەت خەریکی دروێنەکردنیت و دەسکێکت لە کێڵگە لەبیر چوو، مەگەڕێوە بۆ ئەوەی بیبەیتەوە، ئەوە بۆ نامۆ و هەتیو و بێوەژن دەبێت، تاکو یەزدانی پەروەردگارت لە هەموو کاری دەستت بەرەکەتدارت بکات. 20 لە کاتی ڕاتەکاندنی دار زەیتوونەکەت، بەدوای ئەوانەدا مەچووەوە کە لە لقەکاندا ماوەتەوە، ئەوە بۆ نامۆ و هەتیو و بێوەژن دەبێت. 21 کاتێک ترێی ڕەزە مێوەکەت دەڕنیت، پاشماوەکەی هەڵمەگرەوە، ئەوە بۆ نامۆ و هەتیو و بێوەژن دەبێت، 22 لە یادت نەچێت تۆش لە خاکی میسر کۆیلە بوویت، بۆیە من فەرمانت پێدەدەم ئەم کارە بکەیت.
<- دواوتاری موسا 23دواوتاری موسا 25 ->